محەمەد بن سەلمان گەشتی کرد بۆ پاریس بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕۆژی یەکشەممە 23ی مانگی هەشت سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ فەرەنسا دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا بڕیارە پێشهاتەکانی ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بێت.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕایگەیاند ماکرۆن و شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێی "پرسە سەرەکییەکانی ناوچەیی" دەکەن. ئەو دانوستانانەی کە بە وتەی پاریس لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستی بە هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان فەرەنسا و هاوبەشەکانی لە کەنداو هەیە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

عەرەبستانی سعودی کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمەریکایە و مێژوویەکی دوور و درێژی گرژیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئێران و شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی تاران دەکات.

هەروەها محەمەد بن سەلمان و ئیمانوێل ماکرۆن سبەی دووشەممە سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوبەشی ستراتیجی سعودیە و فەرەنسا دەکەن. هەروەها بڕیارە لەم گەشتەدا چەندین ڕێککەوتن لە بوارەکانی تەندروستی و گواستنەوە و وزە واژۆ بکرێن.

شازادەی جێنشینی سعودیە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا گەشتەکەی بە بەشداریکردن لە مەراسیمی کۆتایی مۆندیالی وەرزشی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات. ئەم پێشبڕکێیە کە بریتییە لە یارییە ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەرییەکان تا دەگاتە شەترەنج، بۆ یەکەمجارە لە دەرەوەی سعودیە بەڕێوەدەچێت.

هێشتا ڕوون نییە کە مافی مرۆڤ تا چەند لە دانوستانەکاندا باسی دەکرێت. سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان نزیکەی هەشت ساڵ دوای کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی دێت لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ ڕوویدا. کوشتنێک کە تا ئێستاش وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ڕەخنە لە پەیوەندییەکانی ڕیاز لەگەڵ ڕۆژئاوادا ئاماژەی پێدەکرێت.