ئیسرائیل سەرکردەیەکی دیکەی حەماس لە غەززە دەکاتە ئامانج

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە کوژرانی سەرکردەیەکی دیکەی حەماسی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس خۆی بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند، “هێزەکانیان فەرماندەیەکی کەتیبەی حەماسیان بە ناوی شەریف ئەلحەسنەت کوشتووە”.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەلحەسنات ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ژێرخانی ژێرزەمینی حەماس بە درێژایی شەڕی ئیسرائیل و حەماس.


سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئەم فەرماندەیەی حەماس لەم دواییانەدا چەندین جار هانی کردەوەی “تیرۆریستی” دژ بە سەرباز و خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی داوە.

ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەلحەسنات هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بووە بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی.