ڕۆیتەرز: هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بە هۆی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا دابەزیوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە هەفتەی ڕابردوو هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ کڕیارانی چینی دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی ترس لە سزاکانی ئەمەریکا و هەروەها گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا کە ڕێگاکانی تارانی بۆ هەناردەکردن سنووردار کردووە.

ئەمەریکا لەوەتای گرژییە و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران زیادی کردووەتەوە، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران جارێکی دیکە سەپاندەوە، ئەمەش بە ئامانجی بڕینی فرۆشی نەوتی تاران کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی دراوی بیانییە بۆ تاران.

بەگوێرەی چوار سەرچاوەی بازرگانیی ئاگادار لەو بابەتە، ژمارەی پێشنیارەکانی فرۆشتنی باری نەوتی ئێران بۆ چین بۆ گەیاندنی لە مانگی نۆ و دە بە بەراورد بە مانگی حەوت و هەشت دابەزیوە.

بە پێی داتاکانی کۆمپانیای کەپلەر کە بەدواداچوون بۆ هاتوچووی کەشتییەکان دەکات، هەناردەی نەوتی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لەو کاتەوە هیچ بارێکی دیار لە نەوتی خاوی ئێران لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە تۆمار نەکراوە، هەرچەندە زۆرێک لە کەشتییەکان بەشی نێرەری شوێندۆزەرەوەی خۆیان کوژاندووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەدواداچوونیان قورس بێت.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە کەمیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، هەڕەشە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی بە "تی پات" ناسراوە. پاڵاوگەکان کە بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای شاندۆنگە و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی وڵاتەکە پێکدەهێنن و کڕیاری سەرەکی ئەو نەوتانەن کە سزایان لەسەرە.

سێ لە سەرچاوە بازرگانییەکان ڕایانگەیاندووە بەشێک لە بارەکانی نەوتی خاوی ئێران کە بەشێوەیەکی ئاسایی بە داشکاندنێکی زۆر دەفرۆشرێن، ئێستا بە نرخێکی زیاتر دەفرۆشرێن.

داتاکانی کەپڵەر دەریدەخەن کۆگای نەوتی خاوی ئێران لەو نەوتهەڵگرانەی لە دەرەوەی ناوچە گەمارۆدراو دانراون، بۆ نزیکەی 80 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، لە کاتێکدا پێش دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکەی ئەمەریکا ئەم بڕە نزیکەی 105 ملیۆن بەرمیل بووە.

دوو لەو سەرچاوانە مەزەندەیان کردووە تەنیا نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران لە ئاوەکانی ئاسیادا ماوەتەوە کە نیوەی ئەو بڕە ئاساییە.

شرۆڤەکاران دەڵێن ئەمە ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە کڕیاران لە کۆتایی مانگی نۆیەوە بە کردەوە هیچ هەناردەکردنێکی نوێ لە ئێرانەوە نەبینن، چونکە تا ئێستا هیچ نەوتهەڵگرێکی ئێرانی نەیتوانیوە گەمارۆی ئەمەریکا بشکێنێت.