نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژە جووە و کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردووە

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی توند لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆرێکی دژە جوو" ناوبرد و بە ئاماژەدان بە تۆماری حکومەتەکەی لە ناوچەکەدا، جەختی لەوە کردەوە ئەردۆغان کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردووە.

هەروەها لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەردۆغان میوانداری تیرۆریستانی حەماس دەکات و ژمارەیەکی بێ وێنەی ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار کە دژایەتی دەکەن، زیندانی کردووە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەردۆغانی تۆمەتبار کردووە بەوەی ئێستا هەوڵی فراوانکردنی دەستدرێژییەکان لە دژی ئیسرائیل دەدات لە نێو سوریا و هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل ئەوە قبوڵ ناکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵەکانی ئەردۆغانی بۆ ترساندنی سەرکردە و هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە "بێ ئەنجام" ناودێر کرد و ئیسرائیلی بە "تاکە دیموکراسی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبرد.

تورکیا چەندین جار ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە هەڵوێستەکانی لەسەر ئیسرائیل و پێشهاتەکانی سوریا لە چوارچێوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانە سەبارەت بە ناوچەکە و هەروەها ئەنکەرە ڕوانگەی جیاوازی هەیە سەبارەت بە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کورد و جەخت لەوە دەکاتەوە کە شەڕی تورکیا دژی ئەو لایەنانەیە کە حکومەتی تورکیا بە مەترسی ئەمنی ناویان دەبات.