ئەکسیۆس: ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا 15 هەتا 20 کەشتی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز دەردەکات

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە قسەی دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە سوپای ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە نهێنی ڕێڕەوێکی دیاریکراوی لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز دروست کردووە کە ڕێگە بە نەوتهەڵگرەکان دەدات ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت لە کەنداوەوە بۆ دەرەوە بگوازنەوە.

ئەکسیۆس ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە ئۆپەراسیۆنەکە بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، یەکێکە لە سەرکەوتنە هەرە بەرچاوەکانی ئەمەریکا لە پاراستنی ڕەوتی هەناردەکردنی نەوت سەرەڕای بەردەوامی چەقبەستوویی لە شەڕەکەدا.

بەگوێرەی ئۆپەراسیۆنەکە، هەموو شەوێک 15 بۆ 20 نەوتهەڵگر بە بەشی باشووری تەنگەکەد، بەدرێژایی کەناراوەکانی عومان تێدەپەڕن.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەی هورمزەوە دەردەچێت و دەچێتە بازاڕەکانی جیهانەوە، ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی نیوەی قەبارەی هەناردەکردنی پێش جەنگ.

ئەکسیۆس نووسیویەتی ئۆپەراسیۆنەکە تەنها بە یاوەریکردن و پاراستنی نەوتهەڵگرەکان سنووردار نییە، بەڵکو سوپای ئەمەریکا یارمەتی نەوتهەڵگرە بەتاڵەکان دەدات کە لە دەریای عەرەبییەوە بچنە ناو کەنداوی فارسەوە بۆ ئەوەی نەوت لە بەندەرەکانی ناوچەکە بار بکەن و دواتر بە هەمان ڕێگا دەگەڕێنەوە بۆ نێو دەریای عەرەبییەوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس هەروەها نووسیویەتی نەوتهەڵگرەکان هەموو شەوێک لە کاتێکی دیاریکراودا بە بەشی باشووری تەنگەکەدا تێدەپەڕن، بە دوو ڕێگای جیاواز، یەکێکیان بۆ چوونە ژوورەوە و یەکێکیان بۆ دەرچوون. ڕێگاکەیان بە پشتبەستن بە ڕێنماییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دیاری دەکرێت. هەروەها هێزی ئاسمانی ئەمەریکا کار دەکات بۆ پاراستنی نەوتهەڵگرەکان لەبەرامبەر مووشەکی کروز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی.

بە گوتەی کاربەدەستانی ئەمەریکا، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای هەڵمەتێکی سەربازیی دوو هەفتەیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بووە کە لەو ماوەیەدا ڕادار و سیستەمی چاودێری دەریایی کۆماری ئیسلامی لەناوبردووە یان زیانی پێگەیاندووە و لە ئەنجامدا توانای ڕێژیم بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکانی لە ڕێڕەوی باشووری تەنگەکەدا کەم کردووەتەوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ئێستا کۆماری ئیسلامی بە تەنیا بە چەند ڕادارێکی نۆژەنکراو و سەربازێک کە لەسەر بەلەمی خێرای سوپای پاسداران جێگیرکراون، چاودێری هاتوچووی کەشتییەکان دەکات.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر کەشتی بەو ڕێگایەدا تێپەڕیون و وتیشی "ئێمە تەنگەکەمان هەیە؛ ئێمە کۆنترۆڵی تەواوەتی تەنگەکەمان کردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی کۆماری ئیسلامی هێشتا ناوبەناو بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەبێتە هۆی پچڕان، بەڵام جەختی کردووە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا قەبارەیەکی زۆر نەوت لە تەنگەی هورمز گوازراوەتەوە. سەرۆک ترامپ وتی قەبارەی ئەو نەوتەی کە بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕێوە، ئەوەندە گەورە بووە کە زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کردووە.