ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ئاب، دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social) بڵاوی کردەوە، دەستپێکردنی "کوشندەترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری" لە مێژوودا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.
ترەمپ لە دەستپێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو زیاتر لە هەر کەسێکی تر دەرفەتی ڕێککەوتنی بە تاران داوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران نەیانتوانیوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە. ئەو وتی: "بەداخەوە بۆ ئەوان، نەیانتوانی ڕێککەوتن بکەن، بۆیە ئەمڕۆ من توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری کە تا ئێستا دژی هەر وڵاتێک ئەنجام درابێت ڕادەگەیەنم. ئەمە دەبێتە جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردنێکی بێپێشینە."
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران تێکشکێندراون و کارگەکانی چەکیان وێران بوون. هەروەها ئاماژەی بە داڕووخانی بەهای تمەن کرد و وتی: "دراوەکەیان بێبەها بووە و وڵاتەکەیان بە تاڵە موویەکەوە بەندە."
"ترەمپ هۆشداریی توندی دایە هەموو ئەو وڵاتانەی هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ تاراندا ماوە و ڕایگەیاند: هەر وڵاتێک لە ڕێگەی بانک، کۆمپانیا، فڕۆکەخانە یان دەزگا حکومییەکانیەوە هەر جۆرە دەستگیرۆییەکی ئێران بکات، خۆی ڕووبەڕووی دەرهاویشتە ئابوورییە ترسناکەکانی ئەمریکا دەبێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە دەبێت قاچاخچێتی نەوت، ئاڵوگۆڕی دراو، گواستنەوەی کاش و کارکردنی کۆمپانیا وەهمییەکان دەستبەجێ ڕابگیرێن.
ترەمپ داوای لە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و شکستپێهێنانی هەڕەشەکانی. ئەو وتی کە ئەم ڕێکارە مێژووییانە دەبنە هۆی پەکخستنی توانای تاران بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە جیهاندا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ بە جەختکردنەوەیەکەوە نووسیویەتی: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."