بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ هەمیشە چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێ باشتر بووە، بەڵام ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەردەوام بێت لە "کردەوەی تیرۆریستی" و ڕەتی بکاتەوە بگەنە ڕێککەوتن، هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 19ی هەشت، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی واشنتن بۆ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری کاردانەوەکانی ئیدارەی ترەمپ، ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا وتی: سەرۆک ترامپ هەمیشە ڕوون بووە کە هەرگیز ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت."
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو لە کاتێکدا هەمیشە وتوویەتی کە چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە، ئەگەر [رێژیمی ئێران] بەردەوام بێت لە کردەوەی تیرۆریستی و ڕەتی بکاتەوە بگەنە ڕێککەوتن، ئەوا بەردەوام دەبێت لە هێشتنەوەی هەموو بژاردەکان بە کراوەیی."
بەرپرسەکە بە ئاماژەدان بە گوشارە ئابوورییەکان کە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێنراون، وتی کە گەمارۆ و سزا قورسەکان ئابووریی ئێرانی پەکخستووە و "بەتەواوی مایەپووچ"ی کردووە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترامپ ئامرازی زیاتری لەبەردەستدایە بۆ زیادکردنی فشارەکان. وتیشی: "زۆر ئامراز هەیە کە سەرۆک دەتوانێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی توندتر بەکاری بهێنێت".
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە دوای ئەوە دێت کە سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نییە و هیچ دانوستانێکی نوێ پلانی بۆ دانەنراوە.
لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ئەمەریکا تاوتوێی ڕێگای زیاتر دەکات بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی.