لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن، کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر لەکاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا بە مووشەک کراوەتە ئامانج و ئیماراتیش ڕایگەیاند، هێرشێکی مووشەکیی پووچەڵ کردووەتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، کەشتییەک لەکاتی جێهێشتنی گەرووی هورمزدا بە موشەکێک کرااوەتە ئامانج کە نازانرێت لەلایەن چی لایەنێکەوە ئاڕاستە کراوە، موشەکەکە زیانی بە ژووری بزوێنەری کەشتییەکە گەیاندووە و یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەش بەو هۆیەوە بریندار بووە.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، کەشتیەکە ئاڵای لیبریای لەسەر بووە کە ناوی مینۆان دیگنیتییە.
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی دوو مووشەکی بالیستیکی خستۆتە خوارەوە کە لە ئێرانەوە بەرەو ئیمارات ئاڕاستەکرابوون.
مووشەکی یەکەم لە دەرەوەی ئاوی ئیمارات کەوتە خوارەوە و مووشەکی دووەمیش لەناو ئاوەکانی ئەو وڵاتە کەوتە خوارەوە.
کاتژمێرێک پێشتر دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزاری نیشتمانی ئیمارات ڕایگەیاندبوو کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئیمارات پووچەڵ کردوەتەوە و داوای لە دانیشتوانی وڵاتەکەی کرد لە شوێنە ئارامەکاندا بمێننەوە.