سەرۆکوەزیرانی عێراق: هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر چەند شوێنێکی هەرێم کرد، لەوانە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسی دەزگای پاراستن.

زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و حکومەتی عێراقیش هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکان و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها ڕایگەیاند حکومەت هیچ هەڵە و کەم وکورتییەک لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق قبوڵ ناکات و هەروەها دامەزراوە بەرپرسەکان بەدواداچوون بۆ ڕەهەندەکانی ئەو هێرشانە دەکەن و بەپێی یاسا ئەنجامدەرانی دادگایی دەکرێن.

هەروەها مەسرور بارزانی بانگەواز و بەدواداچوونی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەرز نرخاند و جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و پاراستنی هاوڵاتیان.