ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند لانیکەم 16 هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە کۆی 77 ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردن سزا دراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کراوە بریتین لە گردبوونەوەی بێ مووڵەت، ئەندامبوون لە پژاک، پڕوپاگەندە دژی حکومەت و چالاکی لە سۆشیال میدیا لە بەرژەوەندی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان.
بەپێی ئەو سزانەی دەرچووە، هەریەکە لە عەبدوڵڵا هۆشمەند و عەبدولڕەحمان قۆه سزای حەوت ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها هەریەکە لە قادر خەرامان فەر، جەلال سەدفی، عەلی مەعروف، ئارام مەبزولە، یوسف تاڵ، ڕیبوار ڕەسووڵی، ئەیوب ڕەسووڵی، عوسمان جەهانی فەر، ڕەحمان دانا، سالار شەمس و زانیار سەید ئەحمەدی هەریەکەیان بە پێنج ساڵ زیندانی سزادراون.
هەر لەو دۆسیەیەدا نازەنین ئەلیاسی ناسراو بە گوڵاڵە بە دوو ساڵ زیندان و کەمال مەسعوودی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزا دراون.
هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ئەم 16 هاووڵاتییە لە نێوان مانگی دەی ساڵی 2024 تا مانگی دوازدەی هەمان ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کراون و بۆ لێپرسینەوە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگایە لە ورمێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکردنیان بێبەش کراون لەوەی مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیانەوە هەبێت.