باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا نووسیویەتی بەرێوبەرایەتی دوناڵد ترامپ بە نهێنی هەوڵی داوە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە کاتی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دروست بکات، هەوڵێک کە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دراوە.
بە وتەی ڕاڤید، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا، دانوستانکارانی ئەمەریکایی کە هەوڵی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێراندا دەدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی بوونەتەوە و ئەویش ئەوە بووە کە ئەوان نەیانتوانیوە دڵنیابن کە ئایا بەرپرسانی ئێرانی ئامادەی دانوستانەکان لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ئەوەیان هەبووە بە ناوی سەرکردە بەهێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بڕیار بدەن یان نا.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەرپرسانی بەرێوبەرایەتی ترامپ هەوڵیان دا لەبری دانوستاندن لەگەڵ دانوستانکارە فەرمییەکانی ئێران، ڕاستەوخۆ دەستیان بگاتە سەرکردایەتی سوپای پاسداران و بۆ دروستکردنی ئەم کەناڵە نهێنییەش ڕوویان لە نێچیرڤان بارزانی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، لە دەوروبەری 10ی مانگی پێنج، توڵسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا، پەیوەندی بە بارزانییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە بەرێوبەرایەتی ترامپ پێی وایە ئەو دەتوانێت هاوکار بێت لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سپای پاسداراندا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گابارد ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو پەیوەندییە بە ڕەزامەندی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کراوە.
کۆشکی سپی ویستویەتی بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتی سوپای پاسداران پشتگیری لەو هەڵوێستانە دەکەن کە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانوستانەکاندا پەیڕەویان کردووە یان داواکاری و بۆچوونی دیکەیان هەیە.
بەگوێرەی ڕاوید، دانوستانکارانی ئەمەریکایی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ڕەنگە قاڵیباف و عەراقچی دەسەڵاتی تەواویان نەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و بڕیارەکانیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بگۆڕدرێن یان پشتگوێ بخرێن.
ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی بارزانی لە وەڵامی ئەو داوایەی ئەمەریکادا پێداگری کردووە کە دەیەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەحیدی، فەرماندەی سوپادا قسە بکات.
ئەکسیۆس نووسیویەتی لایەنی ئێرانی بەو داواکارییە ڕازی بووە و لە 14ی مانگی پێنجدا بەرپرسێکی سوپای پاسداران بە مۆبایلێکی کۆدکراوەوە چووەتە نووسینگەی بارزانی لە هەولێر بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی پارێزراو لە نێوان خۆی و وەحیدیدا دابنێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بارزانی پرسیاری لە وەحیدی کردووە کە ئایا لەگەڵ دانوستانکارانی ئێرانی و هەڵوێستەکانیاندا هەن؟ بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکە، وەحیدی وەڵامی داوەتەوە کە پشتگیری لە دانوستانکاران دەکات و هەڵوێستی سوپای پاسداران چارەسەرکردنی قەیرانەکانە لە ڕێگەی دانوستانەوە.
سێ سەرچاوە، لەنێویاندا بەرپرسێکی کۆشکی سپی، بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە بارزانی دەستبەجێ دوای گفتوگۆکە پەیوەندی بە گاباردەوە کردووە و وەڵامی وەحیدی گواستووەتەوە. گابارد زانیارییەکانی بۆ کۆشکی سپی گواستەوە.
بە گوتەی باراک ڕاڤید، دوای وەرگرتنی وەڵامی ئێران، بەڕێوبەرایەتی ترامپ پێشنیارێکی دیکەی پێشکەش کردووە و ئەویش ئەوە بووە کە ئەمەریکا داوای کردووە بارزانی میوانداری دانوستانە نهێنییەکانی نێوان دانوستانکارانی باڵای ئەمەریکا و ئێرانی لە هەولێر بکات.
بارزانی جارێکی دیکە پەیوەندی بە لایەنی ئێرانییەوە کردووە و پێشنیارەکەی گەیاندووە.
ئێران ئەو پێشنیارەی بەڕاشکاوی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، نیگەرانی سەلامەتی وپاراستنی دانوستانکارەکانی بووە. کاربەدەستانی ئێران پێیان وابووە کە ئیسرائیل سەرچاوەی هەواڵگریی زۆری لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و نیگەران بوون لەوەی دانوستانکارانی ئێران لە هەولێر یان لە ڕێگای هاتنەوە و گەڕانەوەیان بۆ شارەکە بکرێنە ئامانج.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت دواجار ئەو دانوستانە نهێنییە پێشنیار کراوە لە هەولێر هەرگیز ڕووی نەداوە.
ئەکسیۆس نووسیویەتی کە نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر هێشتا پەیام لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دەگوازنەوە، بەڵام سەرچاوە ناوچەییە ئاگادارەکان لەو بابەتە دەڵێن کە ئەم هەوڵانە تا ئێستا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەست نەهێناوە.
بەشێک لەو سەرچاوانە پێیان وایە پاکستانییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا سەبارەت بە دانوستانەکان وێنەیەکی گەشبینانەتر لە دۆخەکە دەخەنە ڕوو نەک دۆخی ڕاستەقینە، ئەمەش بە مەبەستی دروستکردنی هەستی پێشکەوتن و یارمەتیدان بۆ شکاندنی بنبەستەکە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی لەم دواییانەدا پەیامی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.