بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا خۆجێیەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 14ی هەشت، قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئاسایشی، لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتە هەولێر.
لە سەردانەکەی شاندی بەغدا بۆ هەرێم تیشک خرایە سەر بابەتە ئاسیشیە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و بەدواداچوون بۆ بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی کە لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیدا واژۆ کراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا نوسینگەی ئەلعەبودی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆبووەتەوە.
جگە لە پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەردوولا باسیان لە “دۆخی گشتی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق” کرد و پێداچوونەوەیان بۆ کرد. لەم ڕاگەیەندراوەدا هەروەها هاتووە: “لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوولا باسیان لە هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر کرد لە بوارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەرەوپێشبردنی هاوکاری ئەمنی، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.
دوابەدوای سەردانەکە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایشی نێوان عێراق و ڕژێمی ئێران بە سەرۆکایەتی قاسم عەبودی لە بەغداوە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی ئەلعەبودیدا هاتووە، لیژنەکە وێڕای پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی، “جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانسەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، بە پێی ڕێنماییەکانی فەرم اندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، و لە ڕێگەیەکی یاسایی شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی و سەروەری عێراق بکات”.