بانگەشەی نوێی ئێران: 3 فڕۆکەوانی ئێرانی لە قەتەر دوای کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەیان بە دیل گیراون

بەرپرسێکی باڵای ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردووە سێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە لە دوای کەوتنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی جۆری سیخۆ24 لە قەتەر بێسەروشوێن بوون و لە ژیاندا ماون و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە ژێر دەستی هێزەکانی قەتەردان؛

سەید محەممەد باقرزادە، فەرماندەی لێژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە 15ی هەشت لە نامەیەکدا بۆ میریانا سپۆلیاریک، بەرپرسی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، وێڕای دەربڕینی ئەم بانگەشەیە، خوازیاری ئەوە بوو کە ڕێکخراوەکە دەستبەجێ دەستی بەو سێ فڕۆکەوانانە بگات و لە باری تەندروستییان ئاگادار بکرێتەوە.

لە نامەکەدا، باقرزادە باسی لەوە کردووە کە دوو فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-24ی هێزی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکی سێ، بۆ ئەنجامدانی "ئەرکی شەڕ" ڕەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە قەتەر کراون، پاشان لە کاتی گەڕانەوەیان، لەلایەن بەرگرییەکانەوە کرانە ئامانج.

بە وتەی ناوبراو، یەکێک لەو چوار کەسە بە ناوی مەجید کازمی کوژراوە و سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عومران بێهرۆشیان بە زیندووی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە گیراون.

. ئەم بانگەشە نوێیەی ئێران جێگای سەرنجە، چونکە تەنیا دوو هەفتە لەمەوبەر بەرپرسانی سوپای کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە چارەنووسی ئەو سێ کەسە نادیارە.

محەممەد ئەکرەمینیا وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامی لە 1ی هەشتدا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی هێشتا بەدوای چارەنووسی ئەو سێ فڕۆکەوانەدا دەگەڕێت، بەڵام لایەنی قەتەر تا ئەو کاتە ڕایگەیاندبوو کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێن و بارودۆخی ئەوانەوە نییە.

ئەم بانگەشانە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن حکومەتی قەتەر یان لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.