بەسێنت: ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە بە شێوەیەک گۆشەگیر دەبێت کە جیهان پێشتر نەیبینیوە

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی هەشت ڕایگەیاند ئەمەریکا بەنیازە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئابووری لەدژی ئێران بگرێتەبەر کە پێشتر نەبینراوە.

بەسنێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزمەکس وتی "لە هەفتەی داهاتوودا ئاگاداری هەواڵی زیاتر بن لەسەر ئەم بابەتە، چونکە ئێمە بڕیارە ڕێوشوێنێک بگرینەبەر کە لە مێژووی گۆشەگیرکردنی ئابووری وڵاتێکدا بێ وێنەیە."


وتیشی ئاوێتەیەک دەبێت لە دابڕان و گۆشەگیرکردنی ئابووری کە جیهان پێشتر نەیبینیوە، هەروەها بەردەوامی گەمارۆدانی تەنگەی هورمز کە ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوە یان دەرچوونی هیچ شتێک لە بەندەرەکانی ئێران.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئەکسیۆس وتی ئێمە بە بێدەنگی دەڕۆین، ئێمە تەنها نیوە دانوستان لەگەڵ ئەوان دەکەین. ئێمە تەنها بە هەڵاوسانە بەرفراوانەکەی و ئەو ڕاستییەی کە پارەیان نییە، سەیری ئێران دەکەین."

ترامپ لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە تەنیا لە حاڵەتێکدا هێرش ناکاتەوە سەر ئێران کە ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی بەخێرایی تەنگەی هورمز بکرێتەوە.

ئێران لیستی مەرجەکانی بۆ کردنەوەی ئەو تەنگەیە داناوە کە بەرێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ قبووڵی ناکات و ئەویش بریتیە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، کۆتاییهێنان بە سزاکان، ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستوو و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەردەمی جەنگە.