مرۆڤی دێنیسۆڤان قەبارەیان گەورەتربووە و گۆشتی زۆریشیان لووشداوە

مرۆڤی دێنیسۆڤان جۆرێکی قڕبووە لە لقی گروپی هۆمۆ کە ئێمەی مرۆڤیش (هۆمۆسەیپیەن) بەشێکین لەو خێزانە.

دێنیسۆڤان نزیکەی 55 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە لقی مرۆڤی نیاندەرتاڵ جودابۆتەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان 45 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی ئاسیا بڵاوبوونەتەوە. زانیاریی سەرەتا لەبارەی دێنیسۆڤان لە پاشماوەی ئێسکی پەنجەکانی دەست و ددانەوە بەدەسهاتبوون.

لەبەر نەبوونی پاشماوەی ئێسکی بەشی دیکەی لەشی ئەو جۆرە مرۆڤە، سەرەتا زانستکاران مەزەندەیان کردبوو کە لەشی ئەو جۆرە مرۆڤە بچووکتر بووە لە مرۆڤی هاوچەرخ.

دوایین توێژینەوە کە لە ماڵپەڕی کۆمەڵی ئەمەریکایی بۆ بەرەوپێشبردنی زانست بڵاوکراوەتەوە باس لەوەدەکات کە دۆزینەوەی چەند ئێسکێکی قاچ، ئێسکی ڕان و ئێسکی قامیش (ئێسکە گەورەکەی نێوان ئەژنۆ و قولەپێ) دەریانخستووە کە پێکهاتە و قەبارەی ئەو ئێسکانە لە گەورەترین ئێسکەکانی چاخی پێلیاستۆسینن.

ئەو توێژینەوە نوێیە دەریدەخات کە قەبارەی مرۆڤی دێنیسۆڤان لە مرۆڤی هۆمۆ ئێرێکتەسی سەرەتا و هەروەها هۆمۆ سەیپیەن لە رۆژهەڵاتی ئاسیا لە قۆناغی دوایینی پێلیاستۆسین، گەورەتربوون.

بێن مارویک، شوێنەوارناس لە زانکۆی واشنتن کە خۆی بەشێک نەبووە لە توێژینەوەکە، دەڵێت "ئەوان زۆر باڵابەرزبوون. ئێمە پێشتر دەمانزانی کە مرۆڤی دێنیسۆڤان مێشكێکی گەورەیان هەبووە لە ئەنجامی دۆزینەوەی کەلەسەر و ددانەوە، بەڵام ئێستا بۆماندەرکەوتووە کە لاشەیەکی گەورەشیان هەبووە."

ناوی دێنیسۆڤان لە ئەشکەوتی دێنیسۆڤا وەرگیراوە کە لە دامێنی چیای 'ئاڵەتای'ە لە باشوری ناوەڕاستی سایبیریا و بۆ یەکەمجار لە ساڵی حەفتاکاندا ئێکسی پەنجەتووتەی مرۆڤێک دۆزراوەیە کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت سەر بە لقێکی جیاوازی هۆمۆیە. دواتر ئەو جۆرە نوێیە بەناوی ئەشکەوتەکەوە ناونرا.