تورکیا دەستی بە دانوستانەکانی لەگەڵ سعودیە کردووە بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوێک بۆ بەستنەوەی کارەبای ئەو وڵاتە بە تورکیا لە ڕێگەی ئوردن و سوریاوە.
ئاڵپ ئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا پڕۆژەکە بۆ لوبنان درێژبکرێتەوە، وڵاتێک کە ڕووبەڕووی کورتهێنانی زۆری کارەبا بووەتەوە.
تورکیا لە ئێستادا گەورەترین ناوەندی ترانزێتی نەوت و گازی ناوچەکەیە و جگە لە گواستنەوەی گاز لە کۆماری ئازەربایجان و ڕووسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها نەوتی تورکمانستان، کازاخستان، کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەنێرێت.
تورکیا بەهۆی پەرەدانی خێرای بە وزەی خۆر و با لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە هەناردەکاری تۆڕی کارەبا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی وزەی تورکیا، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، وڵاتەکە 1.7 تراوات کارەبای هەناردە کردووە و لەم دواییانەشدا وەزارەتی وزەی ئێران گفتوگۆی لەگەڵ تورکیا بۆ هاوردەکردنی کارەبای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی سروشتی، ساڵی ڕابردوو تورکیا زیاتر لە 7 هەزار مێگاوات و سعودیە نزیکەی 6 هەزار مێگاواتی بۆ توانای بەرهەمهێنانی وزەی خۆر و با زیادکردووە. ئەم ڕێژەیە بۆ ئێران تەنیا هەزار مێگاوات بووە.