سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، چوار هێرشی درۆنی کرانە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسێکی حزبی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، دوو هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئەوان بووە لە ناوچەی بالیسان.
ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەرلەبەیانیەکی زوو نزیک کاتژمێر شەش ئێران لە ڕێگەی دوو درۆنی جۆری حەدیدەوە هێرشی کردە سەر بارەگاکانمان لە بالیسان، هەرچەندە پێشتر هێزەکانی ئێمە لەوێ بوون، بەڵام ئێستا چۆڵکراوە و هیچ کەسێکمان لەو بارەگایانە نەماون."
وتیشی،" تا ئێستا 152 هێرش کراونە سەر بارەگاکانمان، زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە دانیشوان نشینەکان بووە، بەو هۆیەشەوە سێ شەهید و نۆ بریندارمان هەیە."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکان لە ناو سۆرانەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەر ئەمڕۆ دوو درۆن لە دوو ناوچەی جیاوازی هەرێم کەوتوونەتە خوارەوە، کە پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکان بۆسەر ماڵی هاونیشتیمانیەک بووە لە سەنتەری قەزای سۆران و درۆنێکی تریش لەسەر چیای بەنی هەریر کەوتۆتە خوارەوە."
هێرشەکان زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، بەڵام هێرشەکەی چیای بەنی هەریر بۆتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکەدا و دوای ماوەیەک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا مەسروور بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیایەکی عەرەبی وت، لە سەرەتای جەنگی چل ڕۆژەوە تا ئێستا، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق زیاتر لە هەزار هێرشیان کردۆتە سەر هەرێـمی کوردستان، بە پێی زانیاریە کۆکراوەکانی دەنگی ئەمەریکاش لە حزبە ڕۆژهەڵاتیەکانەوە زیاتر لە 425 هێرشیان بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بووە.
ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەمەریکاییەکان نەبووە، تەنها زیانی بە ژێرخانی ئابوری هەرێم و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.