سیناتۆر تۆم کاتن، سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی ئەرکانسا، ئاماژەی بەو زیانە بەرفراوانە کرد کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بە توانا سەربازی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی گەیاندووە.
کاتن داوای بەردەوامی فشارەکانی ئەمەریکای بۆ سەر ڕژیمی ئێران و لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز کرد بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی چیتر نەتوانێت هەڕەشە لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی لەم ڕێڕەوی ئاوییە ستراتیژییە بکات.
سیناتۆر کاتن لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕادیۆی هیو هیویت ڕۆژی دووشەممە 10ی مانگی هەشت ڕایگەیاند، لە ماوەی 9 بۆ 10 ڕۆژی ڕابردوودا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان لایەنەکاندا ڕووینەداوە.
گوتیشی سەرۆک ترامپ هەفتەی ڕابردوو باسی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن کرد. بەڵام ناوبراو گومانی هەیە لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی قبوڵکراو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
سیناتۆری کۆمارییەکان وتیشی: “ڕاستگۆیانە پێموانییە هەرگیز گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەم سەرهەڵداوە توندڕەوانە هەبێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، پێموابوو ئەمەریکا دەبێ "کارەکەی تەواو بکات"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا درەنگ نەبووە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.
سیناتۆر کاتن، کە سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان، لە لێدوانێکیشیدا بۆ فۆکس نیوز، وتی پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیری لەو هێزانە بکات کە بەرگری لە ئازادی دەکەن، جا چ لە دژی کۆمۆنیزم بن یان دژ بە دیکتاتۆرییە ئیسلامییەکان، "گەلی ئێران یەکەمین و گەورەترین قوربانیی سوپای پاسدارانن کە ئێستا حوکمی ئێران دەکەن."
سیناتۆر کاتن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ،"خەڵکی ئێران شایستەی ئایندەیەکی باشترن وە گەیشتن بەو ئایندەیە نەک تەنها بۆ ئێرانییەکان، بەڵکو ئەمەریکا و جیهانیش سەقامگیرتر دەکات."