مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد کە کرانە سەر خێزانە ئاوارەکانی کورد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە سەرێکانی.
عەبدی لە پەڕەی خۆی لە ئێکس، دووپاتیکردەوە کە پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو خێزانە کوردانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا ئەنجامدراوە.
یەکەم کاروانی خێزانی ئاوارە کوردەکان کە لە 410 خێزان پێهاتوون، ڕۆژی دووشەممە لە کەمپی واشۆکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵ و گوندەکانی خۆیان لە سەرێکانی کرد.
عەبدی گوتیشی، "لە کاردانەوەی توڕەیی شەقامی کوردی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە تێدەگەین، لە هەمان کاتدا داوا لە گەلەکەمان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر کارێکی نابەرپرسانە و پاراستنی دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانمان".
مەزڵوم عەبدی جەختی لەوەش کردەوە کە "بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی گەڕاوەی خەڵکی مەدەنی ئاوارە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەشدا بکرێت کە دەستیان لە هێرشەکاندا هەبوو، بەمەش مافەکانی هەمووان مسۆگەر دەکرێت و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەپارێزرێت".