بە سێ مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە و دوو پێشمەرگە برینداربوون

Surdash

نیوەڕۆی ئەمرۆ بە کاتی هەرێـمی کوردستان، هێرشکرایە سەربارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە و بەرپرسێکی حزبەکەش دەڵێت هێرشەکان لە ڕێگەی سێ مووشەکەوە ئەنجامدراون و بەو هۆیەشەوە دوو کەسیان برینداربوون و بارەگاکانیشیان زیانی زۆری پێگەشتووە.

ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاتژمێر 12:30 خوولەک ڕژێمی ئێران بە دوو مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانمان لە دۆڵی ئالانە، بە ماوەیەکی کەم هێرشی سێیەمیشی بۆ هەمان شوێن ئەنجامدا."

وتیشی" هەرچەندە هێرشەکان زۆر بەهێز بوون و بارەگاکانمان زیانی زۆریان پێگەشتووە، بەڵام بەهۆی ئامادەکاری پێشوەختەوە، تەنها دوو برینداری سووکمان هەیە و هەر لەلای خۆمان تیمارمان کردوون."

بەرپرسەکەی کۆمەڵە ئاماژە بەوەش دەکات، تا ئێستا ئێران 103 هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەو بارەگاکانیان لە ناوچە جیاوازەکاندا.

بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی دەنگی ئەمەریکاش لە وتەی بەرپرسانی هەر پێنج حزبەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە سەرەتای جەنگی چل ڕۆژەوە تا ئێستا ئێران نزیکەی 425 هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانی ئەو حزبانە لە ناوچە جیاوازەکاندا، لە ئەنجامیشدا 20 کوژراو و زیاتر لە 80 برینداری لێکەوتۆتەوە.