بومەلەرزەیەکی بەهێز کۆڵۆمبیا و ئیکوادۆری هەژاند

بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.4 شاری بۆگۆتای کۆڵۆمبیا و ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەمەریکای باشووری هەژاند، بە جۆرێک کە کاریگەرییەکەی گەییشتووەتە ئیکوادۆر.

بەگوێرەی پێوانە جوگرافیاییەکانی ئەمەریکا (USGS) کاریگەریی بومەلەرزەکە لە چەندین ناوچەی کیشوەری ئەمەریکای باشوور هەستی پێ کراوە.

چەقی بومەلەرزەکە ناوچەی سان خۆسێ دێ پاڵمار لە ناوچەی چۆکۆ بووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بۆگۆتا بە دووری 280 کیلۆمەتر. هەروەها، 107 کیلۆمەتر لە قووڵایی زەویدا بووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بۆگۆتا ڕایگەیاند کە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە کەسوکاریان لە بارودۆخیان ئاگادار بکەنەوە و چاودێری هەواڵە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.

نوبیا کارۆلینا پارێزگاری باکووری ڕۆژئاوای چۆکۆ بە میدیاکارانی ڕاگەیاندووە کە بومەلەرزەکە زیانی زۆری بە باڵاخانە و خانووەکانی ناوچەکە گەیاندووە و ژمارەیەک قوربانی تۆمار کراون.