سێنتکۆم: زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی ئەمەریکا بەندەرەکانی ئێرانیان گەمارۆداوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی ئەمەریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون، لەوانە ئەرکی جێبەجێکردنی توندی گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سێنتکۆم تا 9ی مانگی هەشت، سێنتکۆم 55 کەشتی بازرگانی ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و دوو کەشتیی لەکارخستووە و دوو کەشتی دیکەشی وەستاندووە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە پابەندبوونیان بە ریساکانەوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا وێنەیەکی لە ئێکس بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەریاوانە ئەمەریکاییەکان لە کەشتیی یو ئێس ئێس ڕاس (DDG 71)دا بوون و ڕایگەیاندووە هێزەکانی لە کاتی ئەرکەکەیاندا چاودێری دۆخەکە دەکەن.

کەشتیی جەنگی ڕاس یەکێکە لەو 20 کەشتی جەنگییەی ئەمەریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.