سیناتۆری کۆمارییەکان: سیاسەتی سەرۆک ترامپ دروستە؛ گوشار لەسەر ئێران ئاشتییەکی هەمیشەیی دەهێنێتە ئاراوە

جیم بەنکس سیناتۆری کۆماری ویلایەتی ئیندیانا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "سیاسەتی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بە ئێران و لاوازکردنی توانای مووشەکی و ئەتۆمی و زیادبوونی گوشاری ئابووری بۆ سەر تاران، پیشاندەری دەسەڵاتی ئەمەریکایە و ڕێگە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و هەمیشەیی خۆش دەکات.

سیناتۆر بەنکس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بکات. ناوبراو باسی لەوەش کرد کە نایەوێت نەوەی داهاتوو لە جیهانێکدا بژین کە ڕێژیمی ئێران بتوانێت بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بکات.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە و سەربازێکی دێرینی شەڕی ئەفغانستانیشە، ستایشی چۆنییەتی ئەدای هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکای کرد و وتی "لەسەدا 85ی مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی و بەشێکی زۆری ژێرخانی پیشەسازی بەرگری ئەو ڕێژیمەیان لەناوبردووە. هەروەها گەمارۆی دەریایی سەرۆک ترامپ گوشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی ڕێژیمی ئێران.

سیناتۆر بەنکس وتی تێکەڵکردنی فشارە سەربازی و ئابوورییەکان دەتوانێت "ئاشتییەکی هەمیشەیی" نەک تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بۆ هەموو جیهان بهێنێتە ئاراوە. سەرۆک ترامپی بە "ئاشتیخواز" ناو برد و وتی ڕێبازەکەی دەسەڵاتی ئەمەریکای بە شێوەیەک نیشان داوە کە لە تەمەنی خۆیدا نەیبینیوە.