38 ساڵ لەمەوبەر و لە ئاوەها ڕۆژێکدا لە ساڵی 1988، خاویر پێرێز دێ کۆیار، سکرتێری گشتی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە ئێران و عێراق ڕازی بوون بە ئاگربەست. بەم شێوازە کۆتایی هات بە هەشت ساڵ شەڕی خوێناوی دوو دەسەڵاتی سەرەڕۆی ناوچەکە کە لە ئاکامدا ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەوە بۆ ئێران و عێراق هەنگاوێک بوو بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام بۆ کوردەکانی ئەو دوو وڵاتە مانایەکی زۆر جیاوازی هەبوو.
لە ماوەی شەڕدا، هێزەکانی پێشمەرگە و بزووتنەوە کوردییەکانی باشوور کە لە دژی حکومەتی سەدام حوسێن شەڕیان دەکرد، لە ئێران وەکوو پشتی جەبهەی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت. سەرقاڵ بوونی هێزەکانی ئێرانیش بە شەڕەوە، مەجالی زیاتری بە هێزەکانی رۆژهەڵات دابوو کە بتوانن چالاکیەکانیان بەردەوام بکەن. کۆتایی شەڕ بە واتای ئەوە دەهات کە هەردوو وڵات دەیانتوانی تەرکیزی زیاتری سەربازی بخەنە سەر سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
لەلایەکی ترەوە، بە نزیکبوونەوەی شەڕ لە کۆتایی، بەغدا دەستی بە یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی هەڵمەتی بەدناوی "ئەنفال" کردبوو.
پێشتر، لە 16ی سێی 1988 دا، هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا و هەزاران کەس، کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنی بوون، گیانیان لەدەستدا. بەڵام کارەساتەکە لەوێ کۆتایی نەهات.
ئاگربەستی ئێران و عێراق یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی بەردەم سوپاکانی ئەو دوو ولاتەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ بزاڤی کورد لابرد.
لە هەمان مانگدا، قۆناغەکانی کۆتایی ئەنفال بەردەوام بوون. گوندەکان وێران کران، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئاوارە بوون و هەزاران کەس دەستگیر یان بێ سەروشوێن کران.
بۆیە 8ی 8ی 1988 دەتوانرێت وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا سەیر بکرێت: شەڕی نێوان دوو دەوڵەت بەرەو کۆتایی دەچوو، بەڵام بۆ بەشێکی زۆری کورد، مەترسییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتبوو.
لەو ساتەدا داهاتووی کورد زۆر تاریک دەهاتە بەرچاو و بێ هیوایی باڵی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان کشاندبوو. گوندەکان وێران کرابوون، هەزاران کەس کوژرابوون یان دیار نەبوو چارەنووسیان چییە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بوون و حکومەتەکانی ئێران و عێراق هێشتا بەهێز دیار بوون. بۆ زۆرێک، هیوای گۆڕانکاری دەتوانرا زۆر دوور بێت.
بەڵام مێژوو لەو خاڵەدا نەوەستا.
تەنها سێ ساڵ دواتر، لە ساڵی 1991، دوای شەڕی کەنداو و ڕاپەڕینی کوردستان، بارودۆخی سیاسی و سەربازی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا. هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی باشووریان گرتە دەست و بە دروستبوونی ناوچەی پارێزراو و دواتر دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانی کوردی دەستی پێکرد.
کارناسان دەڵێن ئەم بەشەی مێژوو وانەیەکی گرنگیش بۆ کوردەکانی ئێران و ناوچەکە لەخۆ دەگرێت: بارودۆخی سیاسی، تەنانەت کاتێک بە تەواوی داخراو و بێهیوا دیار دەکات، هەمیشە بە هەمان شێوە نامێنێتەوە. هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، لاوازبوون یان بەهێزبوونی دەوڵەتەکان و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەرفەتی نوێ دروست بکەن.
ئاگری ئیسماعیل نەژاد، شرۆڤەکاری سیاسی لە لێدوانێک بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: "ڕاستییەکەی ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندی زلهێزان و ناسیۆنالیزمی دەمارگژیی دەسەڵاتدار وای کردووە کە دەوڵەتانی ناسەقامگیرمان هەبێت و ئەوەش هەم مەترسییە و هەم دەرفەت. ئەو دۆخە وای کردووە کە رۆژهەڵاتی نێوەراست تووشی دیاردەی شەڕی بێ بڕانەوە لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بێت."
شارەزایان هەروەها لەو باوەرەدان کە ئەزموونی کورد لە باشوور نیشانی دەدات کە دەرفەتی سیاسی بە تەنها کافی نییە. توانای ڕێکخستن، یەکڕیزی سیاسی، دامەزراندنی دەزگا و توانای گۆڕینی دەرفەتی کاتی بۆ دەستکەوتی سیاسیی درێژخایەن، دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت.
8ی 8ی 1988 بۆ کورد تەنها بیرەوەریی ڕۆژێکی تاریک نییە؛ بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییەشە کە مێژوو هەمیشە بەو شێوەیە نامێنێتەوە کە لە تاریکترین ساتەکاندا دیارە.