عێراق داوا لە ئێران دەکات ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوتەکەی بدات لە گەرووی هورمز

بەسیم محەممەد وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: عێراق لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە وڵاتەکەی بدات نەوتی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکات.

وەزیری نەوتی عێراق هیچ وردەکارییەکی لەبارەی مەرج و کاتی دانوستانەکە نەخستەڕوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەکردنی نەوت لە نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل لە مانگی سێوە بۆ نزیکەی 32 ملیۆن بەرمیل لە مانگەکانی پێنج و شەش دابەزیوە، کە بەم ڕێژەیەش بە نزیکەی 68% دابەزیوە.

ناوەندی شورای ئاتلانتیک دەڵێت داخستنی گەرووی هورمز 94%ی هەناردەی نەوتی عێراقی لەکارخستووە.

عەلی نزار، سەرۆکی ناوەندی خستنەبازاڕی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی حەوت دا 42 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتووە، ئەم رێژەیە پێش قەیرانی هورمز 105 ملیۆن بەرمیل بووە.