مەسرور بارزانی: زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەر، ڕایگەیاند، هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، یانیش لە ناوخۆی عێراقەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراون.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی، هیچ لایەنێک گوشاری نەخستووەتە سەر حکومەتەکەی بۆ تێوەگلان لە جەنگ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان.

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەولێر و دەوروبەری، چەندین جار کراونە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە.

بەشێک لەو هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراون. تاران لە هەندێک لەو هێرشانەدا بانگەشەی کردووە کە شوێنی پەیوەست بە هەواڵگریی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام ئەو بانگەشانەی ڕەتکردووەتەوە و داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەو تۆمەت و هێرشانە بکەن.