وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێکخستنی چەک و کۆکردنەوەیان لە دەستی دەوڵەتدا، ئاماری چەکە ڕادەستکراوەکانی بۆ مانگی حەوت بڵاوکردەوە.
لیوا مەنسور عەلی سوڵتان، یاریدەدەری وەکیلی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس و سکرتێری لیژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ڕۆژی هەینی 7ی مانگی هەشت، بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، کە 2797 چەکی جۆراوجۆر دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانە 16616 گولـلەی جۆراوجۆر، لەگەڵ 325 مووشەک و بۆمب و 1072 ماددەی تەقەمەنی جۆراوجۆری دیکە.
هەروەها وتی، 2106 چەکی ئەو کەسانەی کە سەردانی دامەزراوەکانی دەوڵەت یان سەردانی فڕۆکەخانەکان دەکەن تۆمار کراون، کە زۆربەیان دەمانچە بوون.
سوڵتان ئاماژەی بەوەش کرد کە 293 چەکی سووکی لە وەزارەتە مەدەنییەکان کۆکراونەتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕوونی کردەوە کە لە نووسینگەکانی تۆمارکردن، 20792 چەکی کەسیی سووک بۆ هاووڵاتیان تۆمار کراون.
یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ ئەوەی ڕوونکردۆتەوە، کە ئەم ئامارە بریتییە لە دەستبەسەرکردن و دەستگرتن بەسەر چەک و تەقەمەنی و ماددەی تەقینەوە، هەروەها تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتیان و ئەو کەسانەی کە سەردانی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی کردەوە ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەردەوام دەبن.
دوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، هەڵمەتی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت دەستیپێکرد و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان دەدرێت.