بەرپرسانی عێراقی هۆشداری دەدەنە میلیشیاکان: کردەوەی دژ بە وڵاتانی دراوسێ قبوڵ ناکەین

دوابەدوای هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سعودیە، دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە جێگای قبوڵی ئەوان نییە.

لەمبارەیەوە وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک کە لە خاکی عێراقەوە دەست پێبکات.

سەباح نەعمان ڕایگەیاند هەر هەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بکرێت، کارێکی نایاساییە.

دەسەڵاتدارانی عێراق بەڵێنیان دا ڕێوشوێنی یاسایی پتەو لە دژی ئەنجامدەرانی ئەو کارانە بگرنەبەر.

بەڵام میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە و ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانیان هێرش دژی عەرەبستان ئەنجام دەدەن.

هێزەکانی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیاتر لە 50 ئەندامیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کوژراون و بریندار بوون.

هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەیەک پێش ئیستا ئەنجامدرا و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراون.

دوابەدوای ئەو هێرشانە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وێڕای سەرکۆنەکردنی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی ئەو وڵاتەوە، هێزە ئەمنییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشی زۆرەوە.

سەرەڕای هۆشدارییەکان، میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە کردەوە کە هێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی عەرەبستان ئەنجام دەدەن.

هەر لەو پێوەندییەدا سەرۆکی گرووپی چەکداری بەدر کە ئەندامێکی دیاری هێزەکانی حەشدی شەعبییە، داوای لەو میلیشیایانە کرد ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەکانیان دوابخەن.

هادی عامری، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بانگەشەی ئەوەی کردووە لەبەر بەرژەوەندییە گەورەکانی عێراق، پێویستە خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بەدوور بگرن.

هەروەها سەرچاوە عێراقییەکان فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەیی شەڕی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر سعودیە بڵاوکردەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 7ی مانگی هەشت ئەم سەرچاوانە وێنەی چەند هێلیکۆپتەرێکیان بڵاوکردەوە کە بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەسوڕانەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو گەشتانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەگەرییەکان ئەنجامدراون.