سەرکردەکانی تورکیا و پاکستان و سعودیە ڕێککەوتنێکی ئەمنی سێ قۆڵییان واژۆ کرد کە بە پێی ڕێککەوتنەکە هێرشکردنە سەر هەریەکێک لەو وڵاتانە بە هێرشکردنە سەر هەر سێ وڵات دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە بۆ بەهێزکردنی ڕێگریی بەکۆمەڵ لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە داڕێژراوە و هەر هێرشێکی چەکداری دژی هەریەکێک لەو سێ وڵاتە بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.
واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی سێ قۆڵی لە کاتێکدایە کە حوسییەکان بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکیی سەربازییان لە دژی عەرەبستان دەستپێکردووە و هێرشیان کردووەتە سەرنەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە.
هەروەها کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشی بەربڵاوی بۆسەر ژێرخانی وزەی عەرەبستان ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستاندا هاتووە کە ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ سعودیە و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەش و هاوکاری درێژخایەنی بەرگری پێکهێنراوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی هەینی سەردانێکی یەک ڕۆژەی بۆ سعودیە دەستپێکرد و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاندبوو شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات. شەریف ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە ڕیاز و عاسیم مونیر سەرۆکی سوپای پاکستانیشی لەگەڵدایە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ناوچەیی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە، ڕایگەیاندبوو بڕیارە ڕۆژی هەینی پاکستان، سعودیە و تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی بەرگری لە ڕیاز واژۆ بکەن.