وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت سێ ئامانجی سەرەکی لە پشتە، کە ئەوانیش پێکهاتوون لە چارەسەرکردنی پرسی دارایی، پرسی ئاسایشی و پەرەپێدان بە پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ هەرێم.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵۆزیدایە گەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە عێراق بەرەو ئایندەیەکی ئاڵۆز دەبات، کە نەک هەر عێراق بەدڵنیاییەوە کاریگەریی بەسەر هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت."
وتەبێژەکەی حکومەت گوتیشی،" چەند پرسێکی گرنگ باسیان لێوەکرا یەکەمیان پرسی داراییە، لە دوای شەڕەوە عێراق بە قەیرانێکی قۆڵی داراییدا تێدەپەڕێت، خەرجی چەند هێندەی داهاتە، ئەمە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی هەرێمیشە، دووەم دراوسێکانی عێراق گلەییەکی زۆریان لە گرووپە چەکدارەکان، کە ئامادەنین بێنە ژێر فەرمانی دەوڵەت و بوونەتە هەڕەشە بۆ ناوخۆو دەرەوەش، کە هەم مەترسین و هەم نیگەرانین، سێیەمیش پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بوو."
ڕۆژی چوار شەممە، 5ی مانگی هەشت هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری چوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێم و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا، سەرۆکی هەرێمی لە دوای کابینەی تازەی حکومەتی ئیتحادی ئەمە دووەم جارە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەکات، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمیش بە گۆڕانکاری گرنگ لە پەیوەندیەکانی عێراق و هەرێم ناوی دەبات و دەڵێت،" سەردانەکان کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرکات زیاتر پتەوترە، سەرۆکایەتی هەرێم پێی وایە جگە لە گفتووگۆ و دیالۆک ڕێگەی تر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان."
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداد لە کاتێكدایە، ڕۆژی دوو شەممە 3ی مانگی هەشت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سوریای کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کۆماری عەرەبی سوریا کۆبۆوە.