هاوپەیمانی یاسایی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی عەلی زەیدی دووپات کردەوە لە سنووردارکردنی چەک و قەدەغەکردنی پێکهێنانی هەر ڕێکخراوێک لە دەرەوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراق.
شەوی چوارشەممە، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی یاسایی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سوننەکان، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵات بەڕێوەچوو، هەروەها پێشهاتەکانی گۆڕەپانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردووەتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ "مانەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت" بەگوێرەی بەرنامەی حکومەت و یاسا دەربڕیوە.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا هۆشداری دراوە لە "بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان تێوەگلانی عێراق لەو شەڕانەدا کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلەکەی ناکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە یاساییەکانی دەوڵەت یان پێکهێنانی ڕێکخراوی چەکداری لە دەرەوەی هێزە سەربازییە فەرمییەکان قەدەغەیە.
لە کۆتاییدا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوای "پابەندبوون بە هەنگاوەکانی دانانی چەک لە دوای 30ی مانگی نۆی 2026 دەکەن و دوای ئەو ماوەیە، هەر جوڵەیەکی چەکداری لە دەرەوەی دەوڵەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزا دەدرێت".