شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و هەڵسوکەوتی خراپی دیکە بەرامبەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان و بە تایبەت کورد و بەلووچەکان بێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەتای خۆپیشاندانەکان لە مانگی یەکی ئەمسالەوە دەستیپێکرد تا ئێستا دەسەڵاتداران هەزاران کەسیان دەستبەسەر کردووە و لەژێر هەلومەرجی قورس و ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون و زۆربەشیان بێ سەروشوێن کراون.
شارەزایان لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە"ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و دەرکردنی سزاکان دەکەن بە بیانووی سیاسی و بە تۆمەتی ناڕوون و گشتی ئاسایشی لە دژی کەسانی سەر بە کەمایەتییەکان."
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە تەنها لە ساڵی 2026دا لانیکەم 24 کەسی بەلووچ و 22 کورد لەسێدارە دراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن "یاسای ساڵی 2025 کە پێناسەی سیخوڕی فراوانتر کردووە، لەگەڵ تاوانەکانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێناسە کراون، بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەتی دژی کوردەکان."
ئەو شارەزایانە بانگەوازێکی بەپەلەیان بۆ چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یوسف ئەحمەدی، ڕەئوف شێخ مەعروف، محەمەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخا و هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی فەرهاد بەرانزەهی دەرکردووە و دەڵێن ئەم کەسانە دوای دادگاییکردنەکان و لە ژێر ئەشکەنجەدا، ناچار کراون بە دانپێدانانی زۆرەملێ و لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانن.
بە وتەی ئەو شارەزایانە ئەم دۆسیانە بەشێکن لە شێوازێکی فراوانتری سەرکوتکردنی سیستماتیکی کەمایەتییە کورد و بەلووچەکان لە ئێران و دەڵێن دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادیش هەر لەم چوارچیوەیەدایە.
شارەزایان دەشڵێن "کەمایەتییەکان، بەتایبەتی کوردانی سوننە و یارسانەکان لە لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا کراونەتە ئامانج و بەردەوامن، لەگەڵ گێڕانەوەیەک کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وێنایان دەکات".
ئەوان دەڵێن بەئامانجکردنی کەمایەتییە کورد و بەلووچەکان تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا سنووردار نییە و هەڵمەتی تۆقاندن و چاودێریکردنی، خەڵکی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتیش لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش نموونەی سەرکوتکردنی نێودەوڵەتییە.
بە وتەی ئەو شارەزایانە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە سەر سەروەت و سامانی سەدان ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتدا گرتووە و لەم دواییانەشدا داوای رادەستکردنەویان بۆ 37 سەرکردە و چالاکوانی کورد کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، کردووە.