هێگسێت هەواڵی کەمبوونەوەی بەرچاوی مووشەکی بەرگری ئەمەریکا بەهۆی شەڕ لەگەڵ ئێران ڕەتکردەوە

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئێوارەی سێشەممە ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکات ئەمەریکا لەسەدا 80ی سیستەمی بەرگری مووشەکی تادی خۆی بەکارهێناوە.

وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی مانشێتەکەی سی ئێن ئێنی لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی"ئەم مانشێتە ڕاست نییە، سی ئێن ئێن شەرمەزار بیت."

کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتەکەیدا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، باسی لەوە کردووە کە یەدەگی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا لە ماوەی شەڕ لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەم بووەتەوە.


بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن کە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە نووسراوە، سوپای ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێرانەوە نزیکەی لەسەدا 80ی مووشەکی تادی خۆت بەکارهێناوە و هەروەها نزیکەی نیوەی مووشەکی پاتریۆتیشی بەکارهێناوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە شان پارنێل، وتەبێژی باڵای پنتاگۆن چەند ڕۆژ پێش ئێستا رایگەیاند سوپای ئەمەریکا "بەهێزترین سەربازی جیهانی هەیە و هەموو ئەو شتانەی هەیە کە سەرۆکی ئەمەریکا پێویستی پێیەتی بۆ جێبەجێکردنی هەر ئۆپراسیۆنێک کە بییەێت."

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند لەسەر داوای وڵاتانی ناوچەکە هێرشەکانی سەر ئێرانی وەستاندووە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە دانوستانەکان بدات.

بەڵام سی ئێن ئێن دەڵێت نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابەزینی کۆگاکانی تەقەمەنی، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەواڵگری سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی قوربانیانی مەدەنی و هەڕەشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە، ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی هێرشەکاندا.