ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ عومان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، خوازیاری کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو کەشتییانەیە لەو تەنگەیەوە دەردەچن.
ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەی دانوستانەکانە، ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی هەشت ڕایگەیاند بەپێی ئەو پلانەی کە باسی لێوە کراوە، ئەو کەشتییانەی لە تەنگەکەوە دەردەچن، بە ڕێڕەوێکی نێوان ئێران و عوماندا تێدەپەڕن و دوای ئاگادارکردنەوەی ئێران مۆڵەتی دەرچوونیان لە ڕێگەی عومانەوە دەدرێتێ. هەروەها کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەگەر پێویست بکات چاودێری ئەو کەشتییانەش بکات کە لەو تەنگەیەوە دەردەچن.
ئەو بەرپرسە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە پێناچێت تاران هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.
هەر ئەمڕۆش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێک کە ناویان نەهێنراوە، بڵاویکردەوە کە کۆماری ئیسلامی و عومان نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە تەنگەی هورمز بۆ ئەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بکرێتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی حکومەت "کرێی خزمەتگوزاری" لەو کەشتیانە وەردەگرێت و بە یەکسانی لەگەڵ عومان دابەشیان دەکات.