سەرۆکی سوریا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی هاریکاریی ناوچەیی دەکەن

ئەمڕۆ لە کۆشکی گەل لە دیمەشق، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا کە تیایدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاش ئامادەی بوو، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و هەرێمی کوردستان و ڕێگاکانی پتەوکردنی هاریکاری نێوانیان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا کرد.

هەر لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و کۆمەڵێک بابەتی هاوبەش تاوتوێ کرا، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پتەوکردنی هاریکارییەکانی هەرێم.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاسۆی هاوکاری هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، "سەردانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و ئامانجی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پتەوکردنی هاریکاریی سیاسی و ئەمنی و ئابوری نێوان هەر سێ لایەنە."