پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی وڵاتەکە لە ئامادەباشی تەواودان و ئامادەن بۆ هەنگاونان و ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دواخستنی هێرش بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر ئامادەیی سەربازی نەبووە.
هێگسێت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرۆکی ئەمەریکای بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی "وەزارەتی جەنگ ئامادەبوو بۆ هەنگاونان لە ئاستێکدا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە نەبینراوە." وتیشی هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هێرشکردن.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند هێرشی پلان بۆ داڕێژراوی سەر ئێرانی راگرتووە کە "گەورەترین هێرش دەبێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە."
دۆناڵد ترامپ دواتر ڕایگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 3ی مانگی هەشت دەست پێدەکات، ترامپ ئەو قسانەی لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری بێدمینستەری ویلایەتی نیوجرسی کرد.
هەروەها سەرۆک ترامپ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دانراوە بۆ تاران، وتی "نەخێر. با سەیر بکەین و بزانین شتەکان چۆن دەڕۆن و ئێمە هەر کاتێک بمانەوێت، ئامادەین هەنگاو بنێین."