باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هەر پلانێکی ئاشتی بۆ غەززە دەبێت چەکداماڵینی تەواوەتی حەماس مسۆگەر بکات.
دەنی دانۆن ڕۆژی یەکشەممە 2ی مانگی حەوت لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بەشێک لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ سی ئێن ئێن داناوە کە تێیدا دەڵێت "چەکداماڵین بە مانای گواستنەوەی چەک لە کۆگا و عەمبارێکەوە بۆ کۆگایەکی دیکە نییە."
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو چەکانە بە تەواوی لە کەرتی غەززە ببرێنە دەرەوە بۆ ئەوەی حەماس نەتوانێت "بەکاربهێنێت و تەنانەت دەستی لێبدات."
دانۆن وتی ئیسرائیل پشتگیری لە پلانی ئێستا دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد کابینەی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چوونە ناوەوەی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ ناو غەززە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد جێبەجێکردنی پلانەکە دەبێت "لەسەر بنەمای واقیع و راستییەکان بێت نەک لەسەر قسەی حەماس. دەزانی کەس متمانەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە. دەبێت کردەوەکانیان پشتڕاست بکەیتەوە - نەک قسەکانیان."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "دەستەی ئاشتی" لەگەڵ حەماس گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە تەواوی چەک لە گروپە تیرۆریستییەکانی حوکمڕان بەسەر کەرتی غەززەدا داماڵن.
بە گوتەی سەرۆک ترامپ، ئەم ڕێککەوتنە "هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی" پلانە 20 خاڵییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
سەرۆک ترامپ وتی ئەم ڕێککەوتنە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی داماڵینی چەک، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلیش دەکشێنەوە.
هێزێکی سەقامگیرکەری نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی "دەستەی ئاشتی" بڕیارە لەگەڵ هێزێکی پۆلیسی تازە پێکهێنراوی فەلەستین کاربکات بۆ دابینکردنی ئاسایش.