ڕوبیۆ: تەنانەت ئەگەر ڕژێمیش نەگۆڕێت، حکومەتی ئێران دەبێ بگۆڕێت

مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە لەلایەن لارا ترامپەوە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند تەنانەت ئەگەر لە تاران "گۆڕانکاری ڕژێم" بە فەرمی ڕوونەدات، حکومەتی ئێران "دەبێت" هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت.

ڕوبیۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا واشنتن دەتوانێت ئێران بەبێ گۆڕینی ڕژێم لە چەکی ئەتۆمی داماڵێنێت وتی "پێموایە ئەوەی دەبێت ڕووبدات ئەوەیە کە حکومەت دەبێت بگۆڕێت، ڕەنگە ڕژێمەکە نەگۆڕێت، بەڵام حکومەت دەبێت بگۆڕێت."

ڕوبیۆ وتی "حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی نەریتی ڕێبازێکی پاوانخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەبووە، لە بنەڕەتدا بۆچوونی ئەوان ئەوەیە کە ئەوان تەنیا نایانەوێت حوکمڕانی ئێران بکەن، دەیانەوێت حوکمڕانی ناوچەکە بکەن."

وتیشی "ئەو ڕێبازە دەبێت بگۆڕێت، تاکە ڕێگەش بۆ گۆڕینی ئەوە ئەوەیە کە ئەوندە قورسی بکەیت بۆیان کە چیتر توانای ئەوەیان نەمێنێت ئەو ڕێبازە بگرنە بەر."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها وتی "ئێران چەکی ئەتۆمی دەوێت و خەریکی دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکی بوون بۆ ئەوەی لە پشتییەوە خۆیان حەشار بدەن، لەڕاستیدا دەیانویست لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لە دۆخێکدا بن کە بڵێن ئێمە ئەوەندە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکمان هەیە کە ناتوانن بەرامبەریان بەرگری لە خۆتان بکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوان دەیانویست بگەنە ئەو خاڵە. دۆناڵد ترامپ وتی ناهێڵم بگەنە ئەو خاڵە، دواتر هێزی دەریایی ئەوان و هێزی ئاسمانییان و سیستەمی بەرگری مووشەکییان و مووشەک هاوێژەکانیان و ئەو کارگانەی لەناوبرد کە هەموو ئەو ئامێرانەیان دروستکردبوو. توانای بەرگریکردنیانی زۆر کەمکردەوە."

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد پێشتر حکومەتی ئێران ڕووبەڕووی سەرۆکێکی وەک دۆناڵد ترەمپ نەبووەتەوە؛ سەرۆکێک کە بە وتەی ئەو بە پێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووەوە، هەنگاوی کرداری و ڕاستەقینە دەنێت.