حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەڵێن ئێران لە هەرێمی کوردستان زیاد لە 420 هێرشی کردووەتە سەریان کە 20 کوژراویان لێ کەوتووەتەوە

بەرپرسانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵەوە نزیکەی چوار سەد و 23 هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 20 کەس کوژراون و دەیانی تر بریندار بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەردەست دەنگی ئەمەریکا، زۆرترین هێرش بۆ سەر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و کوشندەترینیان بۆ سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند حزبەکەی لە جەنگی چل ڕۆژەوە هەتا ئێستا 150 هێرشی کراوەتە سەر. لە ئەنجامدا سێ ئەندامیان کوژراون و نۆ ئەندامیشیان برینداربوون.

ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت پێگەکانی حزبەکەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا 97 جار کراونەتە ئامانج. بە هۆیەوە ئەندامێکیان کوژراوە و 18ـی تر بریندار بوون.

دوایین هێرش بۆ سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەمڕۆ، 1ـی هەشتی 2026، بوو کە لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرش کرایە سەر بارەگایەکیان لە قەزای دوکان. هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە.

ئەدیب خالیدیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان، ڕایگەیاند حزبەکەی 95 هێرشی کراوەتە سەر، کە بە هۆیەوە دوو ئەندامیان کوژراون و 40 کەسیان بریندار بوون.

ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی لە 29ـی دوو، ڕژێمی ئێران 41 هێرشی کردووەتە سەر ئەو حزبە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 12 کەس و ژمارەی بردیندارەکانیش دیار نییە.

ئەفسانە ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە حزبەکەی 40 هێرشی کراوەتە سەر، کە دوو کوژراو و هەشت برینداری لێ کەوتووەتەوە.