کاتژمێر نزیکەی سێ و سی خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نزیک گوندی گێچینە و ئەشکەوتی جاسەنە لەقەزای دوکان.
شوێنی هێرشەکە نزیکە لە سورداش کە کامپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لێیە.
ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حزبەکە، ئەو هەواڵەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە. ڕاشیگەیاند هێرشەکە زیانی مرۆیی نەبووە.
ئەمجەد حسێن پەناهی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر پێشمەرگەی ئێمە لەو ناوە بوو، بەڵام چۆڵمان کردووە چونکە زانیاریمان هەبوو کە ئێران هێرش دەکات. ئیتر لە شوێنی بارەگاکانی ئێمەی داوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە."
هاوکات ئاژانسی هەواڵدەری فارس، سەر بە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی داوە بە "دەنگی چەندین تەقینەوە و دوکەڵ لە بارەگاکانی جوداخوازەکان" لە پارێزگای سلێمانی.