عێراق ڕێککەوتنێکی "ستراتیژی گرنگی" وزە لەگەڵ تورکیا ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ساتی واژۆکردنی سێ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان تورکیا و عێراق لە ڕۆژی 28ـی حەوتی 2026.

سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی ڕایگەیاند لە "دەستکەوتێکی ستراتیجیی گرنگدا" حکومەتەکەی لەگەڵ تورکیا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ هەناردەی سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق و باڵیۆز بۆ تورکیا، ستایشی ڕێککەوتنەکەی کرد.

عەلی زەیدی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، "لە دەستکەوتێکی ستراتیجیی گرنگدا بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتمان و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، ئەمڕۆ هەردوولا ڕێککەوتنێکیان لەبارەی گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان واژۆ کرد، بە بڕی لانی کەم 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."

زەیدی گوتی کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان دەست بە کارەکانی پەیوەست بەو ڕێککەوتنە دەکەن، لە کاتێکدا حکومەتەکانی هەردوو وڵات کار لەسەر تەواوکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی فراوانتر دەکەن.

بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە فراوانەکە "کەرتەکانی نەوت، کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و ئەو بوارانەی تری هاوکاری لەخۆ دەگرێت کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز دەکات و پشتگیری لە گەشەپێدان و سەقامگیری دەکات."

تۆم باراک لەبارەی ڕێککەوتنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "ئەمە سەرکردایەتییەکی گەورەی دیپلۆماسییە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە."