کەشتییەک کە بارێک لە گازی شلی قەتەری دەگواستەوە، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا بە موشەکێک کرایە ئامانج.
کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی ڤانگارد تێک و ماریسکس رایانگەیاندووە کە ناوی ئەو کەشتیە گاسلۆگ شەنگەهایە. دامەزراوەی چالاکیە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی کەشتییەک لە گەرووی هورمز لە کەناراوەکانی عومان کراوەتە ئامانج. ئەو دامەزراوەیە ناوی کەشتیەکەی لە راپۆرتەکەی خۆیدا نەهێنابوو.
کەشتییەکە لە دەوروبەری 25ـی حەوت بارێکی لە قەتەرەوە گواستووەتەوە و لە 26ـی حەوت لە نزیک دەروازەی ڕۆژئاوای هورمز سیگناڵەکانی خۆی کوژاندۆتەوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن بلومبێرگ و کیپلەرەوە کۆکراونەتەوە، پێدەچێت سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی ئەو کەشتییە لە کاتی لیدانی کوژاوەبووبێت.
لە لایەکی ترەوە و کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکایی بە پشتبەستن بە ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران هەڕەشەی بەامانجگرتنی ژێرخانی وزەی کەنداو دەکات لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
بە گوتەی تەسنیم، ئێران پلانی هەیە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئیسرائیل و ژێرخانی وزەی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ناوچەکە.
ئەم هەڕەشەیە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە کۆشکی سپی بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا "بێدەنگ نابێت و ڕێگە بەم کردەوە تیرۆریستییە نادات" و "ئێران باجێکی قورس دەدات ئەگەر بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی هاتنی بۆ سەر مێزی دانوستاندن."