تێلێگراف: ترامپ و نەتانیاهۆ پلانی گەمارۆدانی ئێرانیان لە ڕیگەی وشکانییەوە تاوتوێ کردووە

ڕۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانیا بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیان لە کۆشکی سپی باسیان لە ئەگەری گەمارۆدانی ئێران کردووە لە رێگەی زەوی و وشکانییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی تێلێگراف، دۆناڵد ترامپ و بنیامین نەتانیاهۆ بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سەربازی و مەدەنییەوە وتووێژیان کردووە و ئەو پێشنیازەش یەکێکە لە چەند بژاردەیەک کە ئەمەریکا و ئیسرائیل بیریان لێکردووەتەوە بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ڕاگەیاندووە هەردوولا سێ بژاردەیان بۆ قۆناغەکانی داهاتووی ململانێکان تاوتوێ کردووە: "گەیشتن بە ڕێککەوتن، درێژەدان بە گەمارۆی دەریایی و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان."

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تێلێگراف، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "ئەگەر ڕێگا وشکانیەکان دابخەیت چی دەبێت؟ گریمان کۆماری ئیسلامی نەتوانێت هیچ شتێک ببباتە ژوورەوە و نەشتوانێت هیچ شتێکیش بباتە دەرەوە، ئەوکات هەموو شتێک دەتوانێت ڕووبدات."

ڕۆژنامەکە دەشڵێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ژمارەیەک خاڵی سەرەکی چوونە ژوورەوە و دەرچوون بۆ ناو ئێران بکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕەوتی هەناردە و هاوردەکردنی ئێران تێکبدات، بەڵام پێویستە وڵاتانی دراوسێی ئێران، لەوانەش عێراق و پاکستان، هەنگاو بنێن بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی خۆیان.

شان مەکفارلەند، ژەنەڕاڵێکی خانەنشینکراو بە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ڕاگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و ژمارەی دراوسێکانی ئێران، گەمارۆیەکی تەواو و کاریگەر نزیکە لە مەحاڵ" بەڵام رایگەیاندووە "ئەگەر توانای ئێران بۆ بازرگانی لەناو ببات، ئەوا بە شێوەیەکی کاریگەر لە ڕووی ئابوورییەوە گۆشەگیر دەبن و بەو شێوەیە دەتوانێت بیانخاتە سەر چۆک."

ئاماژەی بەوەشکرد ڕێبازی ئابووری چارەسەرێکی گونجاوە، بەڵام دەبێت هەنگاوی سەربازیش هەبێت.

ئێران سنوورەکانی لەگەڵ عێراق، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمانستان، ئەرمینیا و ئازەربایجان هاوبەشە، بۆیە سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێویستیان بە ڕازیکردنی ئەو وڵاتانە دەبێت کە زۆرێکیان هاوپەیمانی ئەمەریکا نین بۆ هاوکاریکردن.

ڕۆژنامەی تێلێگراف نووسیویەتی ئەگەر هەریەکێک لە حەوت وڵاتی هاوسنووری ئێران لەگەڵ ئەو پلانەدا هاوکاری بکەن، ئەوا ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری بۆ خۆیان دەبنەوە و لەگەڵ مەترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەبنەوە.

بەڵام گەماڕۆدانی بەندەر یان پەڕینەوە سەرەکییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی بەربەست لە توانای ئێران بۆ دووبارە چەکدارکردنەوەی هێزەکانی.

بەپێی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی سەدان موشەکی دروستکراوی چین لە پەکینەوە دەکات کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵات ڕەوانە دەکرێن.

ڕۆژنامەی تێلێگراف هەروەها نووسیویەتی ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو پلانەیان وەک فێڵێک دانابێت بۆ ئەوەی سەرنجی لە هەنگاوی ڕاستەقینەی داهاتووی لادات.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی هەواڵگرییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دابەشبوونێک لە نێوان سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و هەندێکیان بە قووڵی نیگەرانن لە داڕمانی ئابووری و هەندێکی دیکەش پێیان وایە کە شەڕەکە دەبێت بەردەوام بێت.