سوپای ئیسرائیل دوو فەرماندەی باڵای حەماسی کردە ئامانج

سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند فەرماندەی کەتیبەی نوسەیرات و فەرماندەیەکی دیکەی لە باڵی سەربازیی حەماسی کردووەتە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە یەکەم ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی دووشەممە لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامدراوە و لەو ماوەیەدا ئەحمەد هیشام مەحمود لوح، فەرماندەی تیمی قەناس بەدەستەکانی کەتیبەی نوسەیرات کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەحمەد هیشام دوایین فەرماندەی تیمی قەناس بەدەستەکانی کەتیبەی نوسەیرات بووە کە تا ئێستاش لەم پۆستەدا چالاکی کردووە.

ئۆپراسیۆنی دووەمیش لە هەمان ڕۆژدا لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجام درا و لەو ماوەیەدا مەحمود عەلی مەحمود تەروش، فەرماندەیەکی باڵی سەربازیی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس کوژرا.

بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، مەحمود تەروش لە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەردا دزەی کردبووە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.