موقتەدا سەدر داوای کرد عێراق لە شەڕی ناوچەکە دوور بخرێتەوە

موقتەدا سەدر لە کاردانەوە بە هێرشەکانی سعودیە و ئەمەریکا داوای لە حەشدی شەعبی کرد بیانوو بە دەست وڵاتانی کەنداو نەدەن بۆ بە ئامانجگرتنی عێراق.

سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە 29ی مانگی حەوت بڵاویکردەوە، رایگەیاندووە عێراق بنکەیەک بۆ هێڕشکردنە سەر ئێران نەبووە و بۆیە سوپای پاسداران دەبێت لە خاکی عێراق دوور بکەوێتەوە.

موقتەدا سەدر کەسایەتییەکی کاریگەری شیعەیە و یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق. لە دوای لەشکرکێشی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی لە ساڵی 2003 بە پێکهێنانی سوپای مەهدی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و لایەنگرانی سەردەمانێک زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان هەبوو.

لە بەیاننامە نوێیەکەیدا، سەدر وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ سەر عێراق، هەروەها سەرکۆنەی چالاکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد و بە میلیشیا سەرەڕۆکان ناوی بردن کە هەوڵی ڕاکێشانی عێراق بۆ شەڕێکی بێ مانا دەدەن.

موقتەدا سەدر هەروەها داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئاسایش و سەروەری وڵاتەکە بپارێزێت و هەروەها کارێکی جددی بۆ پاراستنی خەڵکی عێراق و شوێنە پیرۆزەکانی وڵات بکات و نەکەوێتە داوی خورافاتە تائیفی و عەشیرەیی و ڕقاوییەکانەوە.

لایەنگرانی سەدر کە سەردەمانێک لە گرنگترین هێزەکانی هێرشکردنە سەر سوپای ئەمەریکا بوون، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی عێراق دەکەن و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن عێراق و گەلەکەی پێویستیان بە ئاشتییە.