هێزەکانی ئەمەریکا و سعودیە هێرشیان کردە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و سعودیە هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و واشنتن دەڵێت ئەم گرووپانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 30 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئەنجامداوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکان، تیرۆریستانی هاوپەیمانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیەوە ئاراستە کراون بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ژێرخانی وزەی سعودیە.

سێنتکۆم ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و سعودیە چەندین کۆگای لۆجستیکی و چەکی گروپەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق کردووەتە ئامانج.

دەشڵێت ئەم هێرشانە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەن بۆ زیاتر لە 30 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بە وتەی ئەو فەرماندەییە لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا بە فەرمانی سوپای پاسداران ئەنجام دراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبوون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند لە مانگی دوو تا مانگی چواری 2026، میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق زیاتر لە 600 جار هەوڵیان داوە هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی ئەمەریکا بکەنە ئامانج.

هەروەها سێنتکۆم هۆشداریدا لەوەی کە سوپای پاسداران و بریکارەکانی دەبێت ئەو هێرشانە بوەستێنن، ئەەگەرنە ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازیی زیاتر دەبنەوە لەلایەن ئەمەریکاوە.