لەماوەی دوو کاتژمێردا حەوت هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

هێرشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە ماوەی دوو کاتژمێردا، حەوت هێرشی درۆنی کرایە سەر هەولێر، کۆیە و دێگەڵە.

بە پێی زانیاریەکانیش بەشێک لە هێرشەکان بۆسەر ناوچەی سڤیلنشین بووە و بەهۆیەوە ئاگر لە ناوچەکان کەوتۆتەوە.

لە هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆدا ناوچەی سڤیلی و بارەگای حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کرانە ئامانج. بە پێی زانیارییەکان هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە، بەڵام بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکان.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نزیکەی کاتژمێر 12:20 خولەکی پاش نیوەڕۆ، ئێران بە سێ درۆن هێرشی کردە سەر چیای هەیبە سوڵتان لە کۆیە، ئێمە هیچ بنکە و بارەگایەکمان نزیکی شوێنی بۆردوومانەکە نییە، پێدەچێت هێرشەکە تەنها بۆ نیگەرانی و دروستکردنی ترس بێت لەلای خەڵكی نیشتەجێی ئەوێ."

بە پێی زانیاریەکان هێرشەکانی هەیبە سوڵتان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەشێکی زۆر لە چیاکە بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە.

دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەیبە سوڵتان، کاتژمێر1:40 خولەک جارێکی تر دوو هێرشی درۆنی کرایە سەر ناوچەی دێگەڵە و دوو هێرشیش بۆسەر دارە شەکران لە نزیکی هەولێر.

ئەدیب خالیدیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت،" کاتژمێر 1:43 دەقیقە بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی پاکشاری پارتی ئازادی کوردستان کە نزیکە لە دێگەڵە، دوای نزیکەی 8 دەقیقە بە دوو درۆنی تر هێرشکرایە سەر بارەگای چەمشاری سوپای میللی کوردستان لە دارەشەکران لە نزیک هەولێر."

وتیشی،" هەرچەندە لەماوەی 8 خولەکدا 4 هێرش کرایە سەر بارەگاکانمان، بەڵام خۆشبەختانە زیانەکان تەنها ماددین و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ هەرچەندە لە ڕابردوودا و بە تایبەتی لە پاش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران، تاران و گرووپە بەکرێ گیراوەکانی لە ناو عێراقەوە بە بەردەوامی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئەمانج.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد بەشێکی ئەو هێرشانەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان لە ناو خودی عێراقەوە ئەنجام دراون.

بارزانی گوتی بەشێکی هێرشەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵەوە ئەنجام دراون و جەختی کردەوە لە گرنگەی سیستمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان.