نەتانیاهۆ بەرەو واشنتن بەڕێکەوت بۆ دیدار لەگەڵ ترامپ و تاوتوێی پرسی ئێران

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و تاوتوێکردنی پرسی کۆماری ئیسلامی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ بەر لە گەشتکردن بۆ ئەمەریکا سەردانی بنکەی ئاسمانی نێڤاتیمی لە نزیک بێرشێبا کردووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە و هەروەها بەشداری لە مەراسیمی پرسە و یادکردنەوەی ڵینزی گراهام بکات.

پرسی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی، چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی نەتانیاهۆ لە ئەمەریکا بێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتریش لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند کە شەڕی ئێستا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کاتێک کۆتایی دێت کە کۆماری ئیسلامی بڕوخێت.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە لە سەرەتادا بڕیاربوو گەشتەکەی نەتانیاهۆ لە کاتژمێر 11ی بەیانیدا دەستپێبکات و نووسینگەی نەتانیاهۆش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ دواکەوتنی گەشتەکە نەخستووەتەڕوو.

ئەو ڕۆژنامەیەئاماژەی بەوەشکردووە هەروەها ڕوون نییە کە بۆچی نەتانیاهۆ لەبری فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانییەوە فڕیوە.