سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان بۆ عێراق؛ بۆری نەوتی کەرکوک-تەرابلوس لە سەرووی ئەولەویەتەکانە

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئێم تی ڤی لوبنان، نەواف سەلام سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕۆژی یەکشەممە 26ی مانگی حەوت بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندێکی باڵا گەیشتوونەتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.

لەم گەشتەدا یاسین جابر وەزیری دارایی لوبنان و جۆ سێدی وەزیری وزە و جەنەڕاڵ حەسەن شوقێر فەرماندەی هێزی پۆلیسی لوبنان یاوەری نەواف سەلام دەبن.

میدیا لوبنانییەکان لەسەر ئامانجەکانی گەشتەکە بڵاویانکردووەتەوە ئامانجی سەرەکی گەشتەکە، ڕێککەوتنە لەسەر پەیوەستبوونی فەرمی لوبنان بە بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس لە ڕێگەی شاری تەرابلوسی کەنار دەریا لە باکووری لوبنانەوە.

هەفتەیەک لەمەوبەر عێراق و سوریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە واشنتن واژۆکرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی بۆری نەوتی خاو لە نێوان کەرکوک و بانیاس. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، بڕیارە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکا ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ئەستۆ بگرێت.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی واژۆکردنی 50 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئەمەریکا دێت کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن واژۆ کران.

دوابەدوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاوەدانکردنەوەی بۆری نەوتی خاو لە کەرکوکەوە بۆ بانیاس، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لەو هەنگاوە کرد.

لەم بارەیەوە، کەناڵی ئێم تی ڤی لوبنان بڵاویکردووەتەوە ئاوەدانکردنەوەی پاڵاوگەکانی تەرابلوس، دروستکردنی کارگەی نوێی پترۆکیمیایی و چاککردنەوەی تانکی عەمبارکردن لە ڕێککەوتنە ئەگەرییەکانن لە سەردانەکەی نەواف سەلام بۆ بەغدا.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ تەرابلوس لە ڕێگەی تانکەرەوە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی بۆرییەکە دەست پێدەکات. بۆرییەکە لە ئەنجامی شەڕی سوریادا زیانی پێگەیشتووە و پرۆسەی چاککردنەوەی بۆرییەکە نزیکەی 13 مانگی دەخایەنێت.