وەزیری بەرگری بەریتانیا: نابێت لە قسەی بێ بنەما و خۆهەڵکێشانی ئێران بترسین

وەزیری بەرگریی بەریتانیا، وێس ستریتینگ، لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی جیهانی بی بی سی ڕایگەیاند کەس نابێت لە هەڕەشە بێ بنەماکانی کۆماری ئیسلامی بترسێت. ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە بەریتانیا ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکە کە ئامانجی بەریتانیا یان هاوپەیمانەکانی بێت.

ستریتینگ گوتی "نابێت زیاتر لە پێویست گرنگی بە خۆهەڵکیشانی ئێران بدەین. ئێمە ئامادەین وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران بدەینەوە کە دژی ئێمە یان هاوپەیمانەکانمان بکرێت و ئەم ئامادەبوونەش بەردەوام دەبێت."

وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بەریتانیا، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە "نابێت زیاتر لە پێویست بە خۆهەڵکێشانەکانی ئێران گرنگی بدرێت" و وتی "بە هیچ شێوەیەک نابێت لە ئەو قسانە بترسین."

حکومەتی بەریتانیا هەروەها ڕایگەیاندووە ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە لە پێگە سەربازییەکانی کە هێز و فڕۆکەی ئەمەریکا تێیدا جێگیرن، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە "بەرگرییەکان" سوود وەربگرێت.

ستریتینگ لە هەمان گفتوگۆدا ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی ئازادی هاتووچۆی دەریایی کرد و گوتی "کاتێک باس لە پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و تێپەڕبوونی ئازادی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز دەکرێت، ئێمە تەواو لەگەڵ ئەمەریکا هاوڕاین."

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پێشتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ، بە ئاماژە بەوەی کە ئەمەریکا بۆ فڕینی فرۆکەی بی 1ی خۆی لە بنکەیەک لە خاکی بەریتانیا کەڵکی وەرگرتووە، هەڕەشەی کرد کە هەر بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنرێت، "ئامانجێکی ڕەوا"یە بۆ ئێران. ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێت کە ئاڵۆزییەکانی ناوچە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پاراستنی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز هێشتا بەردەوامن.